ئه‌مرۆ 9 ی ئۆكتۆبه‌ری 2019 شاندێكی باڵای ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ به‌سه‌رۆكایه‌تی سه‌رۆكی ده‌سته‌ (ضياء بطرس صليوا) سه‌ردانی فه‌رمانگه‌ی په‌یوه‌نده‌كانی ده‌ره‌وه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانیان كردوو له‌لایه‌ن سه‌فین دزه‌یی سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ پێشوازی كران.

سه‌ره‌تا سه‌رۆكی ده‌سته‌ په‌یامی پیرۆزبایی خۆی گه‌یانده‌ سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌كه‌ به‌بۆنه‌ی ده‌ست به‌كاربونی و هیوای سه‌ركه‌وتن و پته‌و كردنی په‌یوه‌ندی نێوانی هه‌ردوولای خواست.

سه‌رۆكی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ ئاماژه‌ی به‌ پته‌و كردنی په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا كرد به‌تایبه‌ت ئه‌وه‌ی په‌یوه‌سته‌ به‌ كاره‌كانی ده‌سته‌ی مرۆڤ كه‌ ڕه‌هه‌ندی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه‌و په‌یوه‌ندی له‌گه‌ڵ ڕیكخراوه‌ نیوده‌وله‌تیه‌كان پته‌وه‌و پرۆژه‌و كاری هاوبه‌ش و یاداشتی لێكتێگه‌یشتنی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هه‌ندێ ڕێكخراوی نێوده‌وڵه‌تی. وتیشی بونی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ بۆ هه‌رێمی كوردستان گرنگه‌و كاریگه‌ری گه‌وره‌ی هه‌یه‌ بۆ سه‌ر ناوبانگی هه‌رێمی كوردستان له‌ پرسی چاودێری ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌لایه‌ن ده‌زگایه‌كی نیشتمانی كه‌ به‌یاسا رێكخراوه‌و ڕاپۆرت ده‌نوسێ و بڵاو ده‌كاته‌وه‌ . وه‌ ئاماژه‌شی به‌ هه‌وڵه‌كانی هه‌رێمی كوردستان كرد بۆ باشتر كردنی ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤ له‌چاو عێڕاق به‌تایبه‌تی و وتیشی گرنگه‌ نوێنه‌ری وڵاتان ئاگاداری ئه‌و پیشكه‌وتنانه‌ بن به‌تایبه‌ت له‌ڕووی ده‌ركدنی چه‌ندان یاسای باش و گونجاو هاوتا له‌گه‌ڵ پێوه‌ره‌كانی مافی مرۆڤ وه‌ك یاسای مافی پێكهاته‌كان و یاسای مافی زانیاری.

وتیشی گرنگه‌ په‌یوه‌ندی هه‌ردوولا به‌هێزتر بێت بۆ ئه‌وه‌ی له‌ كۆنفڕاس و چالاكیه‌كان و كۆڕو كۆبونه‌وه‌كان و سه‌ردانی نوێنه‌ری وڵاتان ئاگاداری كاره‌كانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤ بن و بتوانرێ هه‌ماهه‌نگی بكرێ له‌گه‌لیان له‌ پرسه‌ هاوبه‌شه‌كان .

سه‌باره‌ت به‌ ڕاپۆرته‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌كانی له‌لایه‌ن رێكخراوه‌كانی مافی مرۆڤ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌ سه‌رۆكی ده‌سته‌ وتی ئێمه‌ چاودێری هه‌موو ڕاپۆرت و بابه‌تێك ده‌كه‌ین كه‌ له‌سه‌ر پرسی ڕه‌وشی مافیكانی مرۆڤ بڵاو ده‌كرێته‌وه‌و زۆرجاریش به‌دوا داچونمان كردوه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێ ئه‌و بابه‌تانه‌ی باسكراوه‌و ڕاپۆرتی خۆمان بڵاو كردۆته‌وه‌ واقعی بارودۆخه‌كه‌مان خستۆته‌ ڕوو ئه‌وه‌ش وه‌ك ئه‌ركی خۆمان بۆ خستنه‌ ڕووی ڕاستیه‌كان نه‌وه‌كو وه‌ك پارێزه‌ری حكومه‌ت .

له‌به‌رامبه‌ردا سه‌رۆكی فه‌رمانگه‌ سه‌فین دزه‌یی كاره‌كانی ده‌سته‌ی مافی مرۆڤی به‌رز نرخاندو وتی شانازیه‌ بۆ هه‌ریمی كوردستان كه‌ خاوه‌نی ده‌زگایه‌كی سه‌ربه‌خۆی خۆیه‌تی تایبه‌ت به‌ مافه‌كانی مرۆڤ و كاری خۆیان ده‌كه‌ن و ڕاپۆرت بڵاو ده‌كه‌نه‌وه‌.

وتیشی بونی په‌یوه‌ندی له‌نێوان هه‌ردوولا گرنگه‌ به‌هۆی نزیكی كاره‌كان و ئه‌و بابه‌تانه‌ی په‌یوه‌ندیان به‌ ڕه‌وشی مافه‌كانی مرۆڤی هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌و وتیشی پیشنیار ده‌كه‌م له‌نێوان هه‌ردوولا له‌لایه‌ن تیمێكی هاوبه‌شه‌وه‌ گفتوگۆی زیاتر بكڕی له‌ پێناو ڕێكخستن په‌یوه‌ندی نێوان هه‌ردوولا و دانانی به‌رنامه‌ی كاری هاوبه‌ش

 

Share This